|
گه‌ر تۆ بمریت منیش ده‌بمه کچی مردن شه‌وه‌کانم له‌گه‌ڵ ئه‌و پیاوانه‌دا به‌سه‌ر ده‌به‌م که شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ته‌نیاییدا ده‌یانخزێنێته باوه‌شی من
گه‌ر تۆ بمریت ئیتر من ده‌بمه ته‌شی ڕێس ده‌بمه نانکه‌ری ماڵان، ده‌بمه ئه‌و کیژه سه‌ماکه‌ره‌ی، که خۆیشی سه‌ر له‌و ئاگره ده‌رناکا که ته‌نیایی له‌جه‌سته‌ی به‌رده‌دا.
گه‌ر تۆ بمریت من ئیتر شه‌وه‌کانی خۆم به ته‌نیا و له ژوورێکی ساردا به‌ڕێده‌که‌م، له‌بری تۆ سه‌رینێک ده‌نێمه باوه‌شم، بووکه‌شوشه‌یه‌ک له ته‌نیشتمه‌وه داده‌نێم.
گه‌ر تۆ بمریت من ده‌بمه چاگێڕی ئه‌و پیاوانه‌ی هیچ نازانن، شه‌ڕ نه‌بێت هیچ نازانن، توڕه‌یی نه‌بێت هیچ نازانن، کوشتن نه‌بێت.
گه‌ر تۆ بمریت ئیتر پێناخه‌مه‌وه قوتابخانه ئیتر ناچم بۆ کتێبخانه‌کان ناچم بۆ باخچه‌کان به‌یانیان په‌رده‌ی ژووره‌که‌م لاناده‌م، گوڵه‌کان ئاوناده‌م، سه‌یری حه‌وزی ماسییه‌کانم ناکه‌م.
گه‌ر تۆ بمریت، کۆڵان پڕده‌که‌م له منداڵ، ده‌که‌ومه به‌ردباران کردنی خه‌ڵک ده‌که‌ومه نووسینی شتی ناشرین له‌سه‌ر دیواره‌کان گڵۆپ به جادده‌کانه‌وه ناهێڵم سه‌ری پشیله‌کان ده‌شکێنم ده‌که‌ومه هۆها کێشان!
گه‌ر تۆ بمریت ئیتر من حه‌وشه‌که‌مان گسک ناده‌م قاپه‌کان ناشۆم منداڵه‌کان ژیر ناکه‌م قژم شانه ناکه‌م، سووراو ناکه‌م و وه‌کو قه‌ره‌جێکی بێ ئیش به کۆڵاندا دێم و ده‌چم.
گه‌ر تۆ بمریت ئیتر من قژ ده‌هێڵمه‌وه ده‌بمه ده‌روێش ده‌فێک ده‌گرم به ده‌ستمه‌وه و به چایخانه‌کاندا ده‌گه‌ڕێم.
گه‌ر تۆ بمریت ده‌چم له ته‌عزییه‌ی ژناندا داده‌نیشم، له خۆم ده‌ده‌م، قژ به سه‌رمه‌وه ناهێڵم، سه‌رم ده‌نێم له ته‌شتێک قوڕ.
گه‌ر تۆ بمریت ده‌چم چێشتی زیندانه‌کان لێده‌نێم، ئیشی هه‌ویر بۆ باڵنده‌کان ده‌که‌م کولێره‌به‌ڕۆن و په‌نجه‌کێشی ده‌به‌خشمه‌وه له‌سه‌ر گۆڕی پیاوچاکان.
گه‌ر تۆ بمریت ده‌بمه پیسترین جگه‌ره‌کیش جگه‌ره به جگه‌ره داده‌گیرسێنم، ته‌نیایی به ته‌نیایی هه‌ڵده‌که‌م، سه‌یری فیلمی هیندی ده‌که‌م، له‌زه‌ت به له‌زه‌ت پێ ده‌که‌م.
گه‌ر تۆ بمریت ده‌بمه خۆشنووس کێلی گۆڕه‌کان پڕ ده‌که‌م له نووسین، ده‌رگای حه‌وشه‌کان پڕ ده‌که‌م له ڕیکلام بۆ نائومێدی پۆسته‌ری غه‌ریبی داده‌کوتم به خه‌تی شکسته عه‌رز و حاڵ بۆ مێرووله‌کان ده‌نووسم.
گه‌ر تۆ بمریت من ده‌که‌ومه وێنه‌کێشان په‌ڕه‌ی سپی به‌ده‌فته‌ره‌کانمه‌وه ناهێڵم و هه‌ر هه‌مووی ده‌که‌مه وێنه‌ی تێکشکان.
گه‌ر تۆ بمریت ئیتر من نیشتیمان ده‌خه‌مه مه‌زاده‌وه، ماڵه‌که‌مان ده‌خه‌مه سه‌ر فرۆشتن، ده‌چم بۆ سه‌رقه‌بران گۆرانی ده‌ڵێم، سه‌ما ده‌که‌م، دوایش له‌سه‌ر گۆڕه‌که‌ی تۆ خۆم ده‌کوژم.
گه‌ر تۆ بمریت جله‌کانم به خۆڕایی ده‌ده‌مه خه‌ڵک سووراوه‌کانم ده‌ده‌مه کچانی بچووک ماسکاراکانم، ته‌وقه‌کانم، ئاوێنه‌کانم له ده‌رگای حه‌وشه‌وه تووڕ ده‌ده‌م!
گه‌ر تۆ بمریت ده‌بمه ژنێکی پیر، دوکانێک له‌سه‌ری کۆڵان داده‌نێم نیوه‌ڕوان سه‌عات دوانزه ده‌یکه‌مه‌وه، نانه‌قه‌یسی، قورسی‌نه‌عنا، ته‌مه‌رهند و محه‌له‌بی ده‌فرۆشم ئێوارانیش دوکانه‌که‌م له پیاوی سه‌رخۆش پڕ ده‌که‌م.
گه‌ر تۆ بمریت ئیتر من ده‌که‌ومه لفکه چنین، ده‌که‌ومه کڵاوچنین و گریان چنین ده‌که‌ومه فیراق چنین!
گه‌ر تۆ بمریت ده‌چم ئاریالی سه‌ربانی ماڵان تێکده‌ده‌م، کۆلاره‌ی منداڵان ده‌دڕێنم، زمان له پۆلیس ده‌ردێنم چۆله‌که ده‌کوژم فیکه له نیشتیمان ده‌کێشم.
گه‌ر تۆ بمریت ئیتر من ده‌که‌ومه خه‌تم کردنی قورئان ده‌بمه ژنێکی نورانی و ده‌چم بۆ حه‌ج له ڕێگه ده‌مرم و وه‌سێت ده‌که‌م ته‌رمه‌که‌م نه‌هێننه‌وه و له حیجاز به‌ژێر خۆڵمه‌وه‌که‌ن!
گه‌ر تۆ بمریت له نائومێدییدا خۆم له حیزبێکدا ناونووس ده‌که‌م، ده‌بمه ئه‌ندامی شانه‌یه‌کی بچووک، ده‌که‌ومه ڕاپۆرت نووسین، ده‌بمه ئاقڵترین و گوێڕایه‌ڵترین کچی حیزب.
گه‌ر تۆ بمریت حه‌ز ده‌که‌م شه‌ڕ دیسانه‌وه هه‌ڵگیرسێ حه‌ز ده‌که‌م که‌س نه‌چێت بۆ پیاسه که‌س نه‌چیت بۆ سه‌یران که‌س نه‌چێت بۆ مه‌له که‌س نه‌یپه‌رژێته سبه‌ینێ..
گه‌ر تۆ بمریت هیچ شتێک دادم نادات، هیچ شتێک ئاوه‌دانم ناکاته‌وه گه‌ر تۆ بمریت ناگاته ئێواره ده‌ستم ده‌چێته شیعر و خۆم ده‌کوژم. |