محه‌مه‌د ئه‌مین زه‌كی به‌گ پروفيسورمحه ممه د ئه مين زه كي به گ

زۆرن ئه‌وانه‌ی ته‌مه‌نی پڕ به‌خششیان له پێناو مرۆڤایه‌تی بوراند، به به‌هره و تواناكانیان خزمه‌تیان به گه‌له‌كه‌یان كرد دیاره كوردیش به سه‌ده‌ها كه‌ڵه‌مێرد و مێرخاسی له‌م جۆره‌ی تیا هه‌ڵكه‌وتووه.

محه‌مه‌د ئه‌مین زه‌كی ناوی ته‌واوی محه‌مه‌د ئه‌مینی كوڕی حاجی عه‌بدولڕه‌حمانی كوڕی مه‌حمود باپێره له ساڵی 1880دا له گه‌ڕه‌كی گوێژه‌ی شاری سلێمانی له دایكبووه و باوك و دایكی نه‌خوێنده‌وار بوون و خاوه‌ن وڵاخ و كاروان بوون.

له ساڵی 1892 چووته فێرگه‌ی "موڵكیی" سه‌ره‌تایی سلێمانی پاشان ماوه‌یه‌كیش له فێرگه‌ی مه‌لا عه‌زیز خوێندویه‌تی .. له ساڵی 1893 چووه‌ته فێرگه‌ی ڕوشدیه‌ی سه‌ربازی سلێمانی یه‌و دوای دووساڵ خوێندن چوونه‌ته ڕوشدیه‌ی سه‌ربازی به‌غدا ساڵی 1898 چووه‌ته كولێژی سه‌ربازی هه‌روه‌‌ها به‌شی ئه‌ركانی ئه‌سته‌مبۆل كه له ساڵی 1902 به پله‌ی "ره‌ئیس چاك" ده‌رچووه‌ و له له‌شكری عوسمانی شه‌شه‌می به‌غدا دامه‌زراوه. ساڵی 1903 تا ته‌مووزی 1924 له له‌شكری عوسمانیدا چه‌ند جۆر پله‌ی بڕیووه، له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌شی بۆ ئێراق له 1925.02.02 تاكو 1925.07.15  فه‌رمانی دووه‌م پشكنه‌ر فه‌رمانده‌ی فێرگه‌ی سه‌ربازی ئێراقی بووه.

ساڵانی 1925 - 1928 - 1937 نوێنه‌ره‌ی هه‌ڵبژێراوی بۆیه‌كه‌مجار له شالیارێتی عه‌بدولموحسین ئه‌لسه‌عدوندا بووه به شالیاری (كارداری و هامووشۆ) تا 1941.11.10 بۆ 10 جار له شالیاریتیه‌كانی زانستی، به‌رگری، ئابووری و هامۆشۆدا بووه له 1942.02.10 له به‌ر نه‌خۆشی به‌یه‌كجاری ده‌ستی له كاروباری میری هه‌ڵگرت. له شه‌وی 9 له‌سه‌ر 1948.07.10 له دیده‌نی شاری سلێمانیدا كتوپڕ گورچیله‌كه‌ی له كاركه‌وتوه و خوێنی لێ پیس كردووه به‌و جۆره گیانی پاكی سپارد به خاك و نیشتمانه‌كه‌ی.

ئه‌مین زه‌كی به‌گ ئاره‌زووی له هۆنراوه‌، وێژه، خۆشنووسین، نیگاركێشان بووه، زمانه‌كانی كوردی، عه‌ره‌بی، فارسی، توركی، ئێنگلیزی، ئه‌ڵمان و فه‌ڕه‌نسی زانیووه، به توركی و عه‌ره‌بی و كوردی له باره‌ی مێژووی جه‌نگ، له‌شكر، مێژووی ڕامیاری خاوه‌نی به‌رهه‌می به‌نرخه.

خاوه‌نی زیاتر له 12 به‌رهه‌مه ئه‌مه‌ش چه‌ند به‌رهه‌مێكی "محه‌مه‌د ئه‌مین زه‌كی به‌گ"ه:

1- محاسه‌به‌ی نیابات - 1928 (كه تیایدا په‌راوی كرده‌وه‌كانی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌راندا بۆ خوێنه‌ر كۆكردۆته‌وه‌)
2- خولاسه‌یه‌كی ته‌ئریخی كوردستان به‌شی یه‌كه‌م ساڵی 1931 و به‌شی دووه‌م ساڵی 1937 (وه‌رگێڕدراوه‌ت سه‌ر زمانی عه‌ره‌بیش)
3- دوو ته‌قه‌للای بێ سوود 1935 (كه پاداشتێكی 69 لاپه‌ڕه‌یه: ساڵی 1930 بۆ مانی كورد دابوویه میری، بڵاوكردنه‌وه‌ی قه‌ده‌غه‌كرا)
4- ته‌ریخی وڵاتی سلێمانی 1939
5- كورد به‌ ناوبانگ به‌شی یه‌كه‌م ساڵی 1945 و به‌شی دووه‌م ساڵی 1947
6- تاریخ الدوله و الامارات الكردیه 1945 ‌